|
- دەمەوێت پیاو بەسەر مێردەکەم بهێنم

رۆژێک دەڕۆمەوە ماڵەوە و بەمێردەکەم دەڵێم: بڕیارمداوە پیاوێکت بەسەر بهێنم، پێی دەڵێم: خەمت نەبێت (تەڵاقت نادەم) عەدالەت بەرجەستە ئەکەم، مافی خۆت وەکوو مێردێک بەردەکەوێت لێم، بەڵام تکادەکەم واقیعیانە لەمەسەلەکە بڕوانە و قەبووڵی بکە کە پیاوێکت بەسەردێ، هەوڵ بدە دیاردەی "فرەپیاوی" وەکوو واقیع ببینیت..
پێشی دەڵێم: دەزانم باوی ئەوە نەماوە (هەوێ)کان پێکەوە لە یەک ماڵدا بن، بۆیە خانویەک بەجیا بۆ مێردی تازەم دەکڕم، تۆش لە جێگەی خۆت لەگەڵ منداڵەکاندا بە ئەوپەڕی رێزەوە دەمێننەوە. هەموو سەری مانگێکیش دێم دادوەرانە حیساب و کیتابی خەرجی و پارەوپولیش دەکەین.. رەنگە ئەگەر ئەسڵزادە نەبوبام، لە ناکاو بمخستیتایەتە ئەمری واقیعەوە و بە مێردی دوەمەوە خۆم بکردایە بە ژوورا، یان لە یەکێ لەسەفەرەکانما بمهێنایە و لەخەڵکەوە بتبیستایەتەوە، یان بە میسیار یان موتعە یان بۆ ماوەیەک بە عورفی هاوسەرگیریم لەگەڵ بکردابا.. ئەو دەم زیاتر لەوەی بە شانس و ناوچەوانی خۆت رازی بیت چیت لەدەست دەهات؟ یاسایەکیش نیە بەهاناتەوە بێت.. بە مێردەکەم دەڵێم: هەوڵ بدە خۆت لەگەڵ ئەو بارە تازەیە رابهێنیت، خۆت لەگەڵ بیرۆکەی هەبوونی شەریک یان (هەوێ) بگونجێنە، تازە سەرێکە و هێناومە. پەیمانیشت دەدەمێ هیچ جیاوازیەکتان نەکەم لە مافەکانتاندا، منداڵەکانیش وەکوو یەک سەیردەکەم. وەکوو یەک خەرجیان دەکێشم، وەکوو یەک بایەخ بە خۆتان و ئەوانیش دەدەم. وەکوو یەک بە ئەرکی هاوسەرێتی خۆم لەگەڵتان هەڵدەستم.. رۆژانی هەفتە بە یەکسانی لەبەینتاندا دابەش دەکەم، سێ رۆژ لای تۆ و سێ رۆژ لای تازەکە، رۆژێکیش بۆخۆم.. دەبێت راشکاوانە ئەم قسانە رووبەڕوو و بێ ترس بکەین، دەشزانم کەسانێک کە ئەم قسانە دەخوێننەوە بە شێتم لە قەڵەم دەدەن، دووریش نیە تۆمەتی رەوشتیشم دوانەخەن، یان لانیکەم بەلای ئیسلامیەکانەوە بە زیندیق و کافر لەقەڵم بدەدرێم.. بەڵام مەبەستم لەپشتی ئەم قسانەوە شتێکی جیاوازە، جیاواز لەوەی بە خەیاڵدا بێت، شتێکە پەیوەندی بە هەست و نەستی ئادەمیزادەوە هەیە، خۆی دەدات لە هەستەوەرترین ناوچەی نەستیی ناوەوەی ئادەمیزاد کە هەموو سۆز و هەست و هەستکردن بە کەرامەتی تیا چڕبۆتەوە، کە هیچ یاسا و عورفێک لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکانی وەکوو کۆمەڵگای ئێمە حیسابی بۆ نەکردوە. یاسایەکی ئەخلاقی و ئینسانی کە قەرەبووی ئەو هەموو وێرانکاریە دەروونیەی بکاتەوە کە ژن لە ئاکامی ئەوەی ژنێکی بەسەردێت هەستی پێدەکات.. کە ئەمەش تەنها بەگۆڕینەوەی رۆڵەکان رەنگە تەحقیق بێت.. زۆر ژن هیواخوازن بۆ یەکجار پیاو سکی پڕ بێت و بزانێت سکپڕی و ژانی منداڵبوون چۆنە.. بەڵام من حەزدەکەم بۆ یەکجاریش دیاردەی فرەژنی ببێتە فرەپیاوی.. ئەو ئازارەی ژنێک هەستی پێدەکات ئەو دەمی ژنێک هەوێی بەسەر دێت، پیاوێک هەستی پێبکات، هەست بەو مەهانەت و ئیهانەیە بکات وەختێ ژنێک مێردەکەی بووکی تازە ئەگوێزێتەوە و بەبەرچاویەوە ئەچێتەوە ژووری بوکوزاوایەتی، چ سووتانێکە، چ ئازارێکی دەروونی و رۆحیە بۆی.. چی ئەبێت ئەگەر بۆ یەکجاریش ئەو رۆڵە بدرێتە پیاو؟ رۆڵی ئەو ژنەی کە ژنی بەسەردێت، پێچەوانەکەینەوە و پیاوێک پیاوی بەسەربێت.. بۆچی بۆ پیاو هەبێت کە لە ژنەکەی بێزار بوو وبیری لە گۆڕان کردەوە ژنێکی تر بهێنێت و بیگەیەنێتە چوار و بە دڵی خۆی ئەمبەرەوبەر بکات لەبەینیاندا، بەبێ ئەوەی بیر لەو وێرانکاریە دەروونیە بکاتەوە کە ژنەکەی دووچاری دەبێتەوە؟ (نادین البدیر)ی رۆژنامەنوسی سعودی لە وتارێکیدا بەناوی (من و هەرچوار مێردەکەم) باس لە رووی ناشرینی فرەژنی دەکات و، باس لەو ژنانەدەکات کە بەزۆر بەشوودراون و هیچ خۆشەویستیەک لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا کۆیان ناکاتەوە، کەچی ناچاریشن واجیبی ناو جێگا بەجێ بهێنن، لە کاتێکدا کە پیاوەکە تووشی بێزاری بوو و تاقەتی لە ژنەکە چوو، دەڵێت بووینەتە خوشکوبرا، پشتئەستوور بە شەرع دوانی تر و سیانی تر مارە دەکاتەوە. نادین لە وتارەکەیدا بە تایبەت تیشک دەخاتە سەر ژیانی سێکسی نێوان ژن و مێردەکان، ئەو ژن و مێردانەی کە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و بە زۆرەملێی ژنەکە دروستبووە، دوای ماوەیەک بۆ ژنەکە دەبێتە رۆتین و ئەنجامدانی ئەرکێکی ژن و مێردایەتی کە لە کۆتاییدا هیچ خۆشیەکی لێنابینێت، لە کاتێکدا پیاو لە توانایایەتی بەبەرچاوی دین، یاسا و کۆمەڵگاوە خۆی تێردەکات.. هەڵبەتە (البدیر) مەبەستی لەوە نەبوە لەیەک کاتدا چوار پیاوی هەبێت، هەروەک مەبەستیشی لەوە نەبوە کە سێکس غەریزەیەکی ئاژەڵیەوە و بەهەرجۆرێک بێت دەکرێت، بەڵکوو مەبەستی لەوەیە کە شەرع و یاسا و خێڵ و هەموو دەسەڵاتەکانی تر مافەکانی ژنهێنان و ژنهێنانەوە و چیژ وەرگرتن و گەڕان بەدوای تازەکردنەوەی ژیانیدا داوەتە پیاو.. لە کاتێکدا ژن دەبێت تەنها رۆڵی بیسەر و کارلێکراو و جێبەجێکەر و گوێڕایەڵ ببینێت و، دەبێت رازیش بێت کەرامەتی ورد و خاش بکرێت و ژنیشی بەسەر بێت.. پرۆسەی هاوسەرگیری لەسەر فەلسەفەی خۆشەویستی لەنێوان تەنها دوور رەگەزدا کامڵ دەبێت، نەک رەگەزێک لەگەڵ چەند دانەیەک لەرەگەزەکەی تری بەرانبەر، کە ئەوە لە جیاتی ئەوەی پیاو بچێت و پارە لە شوێنەکانی لەشفرۆشی خەرج بکات، چەند ژنێک لەخۆی مارە دەکات، بۆ ئەوەی بێزاری و رۆتینی خۆی پێ بشکێنێت.. بەو شێوەیە پیاو لەیەک کاتدا بە مارەبڕین و دۆکومێنتی هاوسەرگیری شەرعیەت بە جۆرێک لە خیانەتی مەشروع دەدات کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، یان بە شێوازی تری وەکوو مسیار و عورفی و موتعە.. وهیچ پێناسەیەک هەڵناگرێت زیاتر لەوەی مومارەسەکردنی خیانەتێکی راشکاوە لەژێر پەردەی شەرع و یاسادا. بێگومان لە یاسای کەللەڕەق و دەمارگیری بەکۆمەڵدا ژنێک باس لەمە بکات ناوی حەرامی لێدەنرێت، لە عورفی عەشیرەتدا ئەمە فجورە و دوورنیە بەردبارانیشم نەکەن و وەکوو دوعا بە بلۆکیش سەریشم پان نەکەنەوە.. بەڵام دەبێت قسە لەگەڵ مێردەکەم بکەم، دەڵێم: پیاوێکی تری باشم دۆزیوەتەوە وەکوو براتان لێدەکەم و جیاوازیتان ناکەم، باشترە رازی بیت، دەنا بڕیارەو داومە، دەبێت بزانم یەکەم کاردانەوە چی دەبێت؟ داخوا داوای جیابوونەوە دەکات یان حەواڵە بەخوام دەکات؟!! ئهم وتاره له ژماره 80ی گۆڤاری ههفتانه 17-23ی کانونی دوهمی 2010 بڵاوبۆتهوه
|