|
- سه‌رنج - ڕۆژێك بۆ خۆشه‌ویستی و كه‌لتووری دووڕوویی

ده‌بێت پیاوێك بمرێت بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند ژنێك ئازادییان ده‌سكه‌وێت، له هه‌ندێ جێگه‌ش ده‌بێت ته‌واوی كه‌لتوورێك بمرێت و هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی پیاوانه‌ی یاسادانان و عه‌قڵیه‌تی جێبه‌جێكردنی بسووتێت و سیستمی دادوه‌ری فه‌نابێت بۆ ئه‌وه‌ی ژن وه‌كو ئاده‌میزاد سه‌یربكرێت لانیكه‌می ئازادی هه‌بێت..
گه‌یشتمه ئه‌م باوه‌ڕه ئه‌و ده‌می شیلانی هاوڕێم باسی باوكی بۆ ده‌كردم كه چه‌ند زاڵمه، له هه‌فته‌یه‌كدا ڕۆژێك و هه‌ندێجار دوو ڕۆژ نه‌ده‌هاته‌وه بۆ خوێندنگا، یان باوكی لێیداوه، یان له دایكی داوه، یان به‌زمێكی وای كردووه كه ڕێگه‌ی له چوونه‌وه‌ی گرتبێت بۆ خوێندنگا، هه‌تا دواجار ته‌ركی پێكرا... شیلان ده‌یگوت: باوكم به‌س له‌گه‌ڵ چوار كچكه‌ی وانییه، له‌گه‌ڵ دایكی شیلانیش كه هاوڕێی ژیانێتی، له‌گه‌ڵ خودی دایكی خۆی و له‌گه‌ڵ سێ خوشكه‌كه‌ی خۆشی. ده‌یگوت: نۆ ژن به‌ده‌ست باوكمه‌وه گیریان خواردووه، ڕێگه‌ی هیچ شتێكیان پێنادات، ژیانی لێكردوونه‌ته دۆزه‌خ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه به‌چاوی ڕێزه‌وه سه‌یری هیچ ژنێك ناكات. ڕۆژێكیان هه‌روا له داخا له‌ده‌مم ده‌رچوو گوتم: وه‌ڵڵا باوكت بمرێت ئێوه ئیسراحه‌ت ده‌كه‌ن، شیلانیش وتی: ئه‌وه تۆ كه هیچی لێنه‌كردوویت، ئێمه ده‌مێكه دوعای لێده‌كه‌ین، به‌مردنی باوكم نۆ ژن ڕزگاریان ده‌بێت.. ئیدی بزانه داخوا به مردنی هه‌موو پیاوێكی له‌و جۆره له‌م جۆره كۆمه‌ڵگایانه چه‌ند ژن ڕزگاریان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش عه‌ره‌ب گوته‌نی: لاوازترین ئیمانه. هه‌ر له‌م وڵاتانه‌دا كه هه‌ر پیاوێكی زاڵم لانیكه‌م زیاتر له سێ ژنی به‌رده‌كه‌وێت بیچه‌وسێنێته‌وه، كه‌چی یادی ڕۆژی ڤالانتاینیش ده‌كرێته‌وه.. ڕه‌نگه باشترین شت وڵاتی عه‌ره‌بی سعودی هه‌تائێستا كردبێتی ئه‌وه‌یه له ڕۆژی چوارده‌ی فێبریوه‌ریدا ڕه‌نگی سوور له هه‌موو شوێنێك قه‌ده‌غه‌ده‌كات، به‌تایبه‌ت گوڵی سوور و نیگاری دڵی سوور و كارتی جه‌ژنه پیرۆزه كه ڕه‌نگی سووری تیایه.. هتد، ڕه‌نگه ئه‌مه ڕاستگۆترین بڕیاربێت هه‌تائێستا له‌و ناوچه‌یه بیستبێتم، لانیكه‌م وڵاتی سعودیه درۆ له‌گه‌ڵ كه‌س ناكات، به‌بانگی ئاشكرا ده‌ڵێ باوه‌ڕم به خۆشه‌ویستی نییه، ئه‌وه‌ی باسی خۆشه‌ویستی له ڕۆژی خۆشه‌ویستیدا بكات به‌پێی یاسا سزای ده‌درێت. له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی كچی هاوڕێیه‌كم له‌گه‌ڵ كچێكی هاوڕێیدا له كوردستان له بۆنه‌ی ڕۆژی ڤالا‌نتاینی ئه‌مساڵ بۆی باسكردبوو كه چۆن به دزیه‌وه به‌هه‌زار دڵه‌ڕاوكێ و حیله و ته‌ڵه‌كه‌بازی هه‌تا توانیویه‌تی كارتێَك كه وێنه‌ی دڵێكی سووری تیایه بگه‌یه‌نێته ده‌ستی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و به‌یه‌ك ملیۆن به‌زم و گێرمه‌وكێشه و دزی و درۆ هه‌تا كوڕه‌كه‌ش توانیویه‌تی گوڵێكی سوور بۆ كچه‌كه بنێرێت، هه‌تا گه‌یشتۆته ده‌ستی گوڵه‌كه سیس بووه.. ئه‌مه‌ش یادی ڕۆژی ڤه‌لانتاینه له كوردستان. یان كچێكی هاوڕێیان چه‌ند شه‌قی خواردبوو له‌سه‌ر كورته نامه‌یه‌ك كه بریتی بووه له پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی ڕۆژی ڤالانتاینه‌وه. من حه‌زم له ڕۆژی ڤالانتاین نییه ئه‌مه‌م به هاوڕێیه‌كم وت، سه‌یری پێهات، ده‌یگوت شاعیره‌كان ده‌بێت له هه‌موو كه‌س زیاتر حه‌زیان به‌و ڕۆژه بێت و شیعری بۆ بنووسن.. كه‌چی من نه‌ك له ڕۆژی ڤالانتاینا، له هه‌موو ڕۆژه‌كانی جه‌ژندا دڵم ته‌نگ ده‌بێت، ئه‌و ده‌م ده‌زانم كه‌لتووری كۆمه‌ڵگاكه‌مان چه‌ند دووڕووه، داوات لێده‌كات جه‌ژن بكه‌یت، له كاتێكدا تۆ ئازاد نیت، ئه‌ی ئه‌مه هۆیه‌كی مه‌عقول نییه بۆ ئه‌وه‌ی ڕقم له جه‌ژنه‌كان بێت؟ باوه‌ڕناكه‌م له وڵاتی ئێمه‌دا بۆنه‌ی ڤالانتاین له بۆنه‌یه‌ك بۆ بازرگانی و درۆكردن زیاتر هیچی تر بێت، ئه‌و دوكانداره‌ی كه كارت و دڵی سوور ده‌فرۆشێت له ڕۆژی ڤالانتاینا بێگومانم ته‌نها بۆ پاره په‌یداكردنه، ده‌نا گوڵێكی سوور به كچكه‌ی ببینێت ڕه‌نگه به‌ر شه‌قازله‌ی بدات، كورته نامه‌یه‌كی بۆ بێت به‌بلۆك سه‌ری پان ده‌كاته‌وه. ئێمه هێشتا سه‌ره‌تای ڕێگه‌ی خۆشه‌ویستی و ڕاستگۆییمان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، ئیتر یادی ڤالا‌نتاینی چی؟
ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی ئاسۆ ژماره 1163 رۆژی 21ی فێبریوه‌ری 2010 بڵاوبۆته‌وه
|