|
- عورفی پیاچوونەوەی کتێبی وەرگێڕدراو و مافی ناودانان

ماوەیەکە لە کتێبخانەیەکی گەورەی یەکێک لە شارەکانی هۆڵەندا ئیش ئەکەم، کە خەریکی کاری بەئەلەکترۆنیکردنی سیستەمی پرۆسەی وەرگرتن و گێڕانەوەی کتێبەکانی ئەو کتێبخانەیەم.
هەڵبەتە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە رۆژانە بە شێوەیەکی رێژەیی مامناوەند سەروو هەزار و پێنجسەد کتێب تەواو دەکەم و، هەتا ئیستا کەماوەیەکی کەمە لەوێم نزیکەی سیی هەزار 30000 کتێبم لە کۆی زیاد لە هەشتا هەزار 80000 کتێب تەواوکردوە. بێگومان لەو بەینەدا ناونیشان و ناوی نوسەری هەموو کتێبەکان دەبینم. کە لە نێوانیاندا ژمارەیەکی زۆر کتێبی وەرگێڕدراو لە زمانەکانی ترەوە بۆ هۆڵەندی تیایە. ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشاوم ئەوەیە کە هەتا ئیستا لە کۆی هەموو ئەو کتێبانەی کە بەرچاوم کەوتوون هەتا دەمی نوسینی ئەم بابەتە بە وەرگێڕدراوەکانیشەوە، بەتەنها و تەنها ناوی نوسەری ئەسڵی کتێبەکە لەسەر بەرگی کتێبەکان دەنوسرێت، ناوی وەرگێڕەکە یان هەر نانوسرێت، یان ئەگەر بشنوسرێت، هەرگیز لەسەر دیوی دەرەوەی بەرگی کتێبەکە نانوسرێت، لانیکەم من لەو هەموو کتێبە نەمبینیوە، لەناوەوە لە لاپەڕەی یەکەم بە بچوکی لە ژێر ناوی نوسەری ئەسڵیەوە دەنوسرێت. هەندێجار کەمتازۆر روودەدات کە کەسێک کاری پیاچوونەوە بۆ نوسین یان وەرگێڕانی کەسێکدا بکات، کە باوەڕ دەکەم لە کۆی هەموو ئەو کتێبانەی بینیومە و تەنانەت بەو کتێبانەشەوە پێشتر بەخۆم خوێندومنەتەوە و لە کتێبخانەکەی ماڵەوەمدایە، بە هیچ شێوەیەک رووی نەداوە و روونادات ناوی ئەو کەسە بنوسرێت کە بە کتێبەکەدا چووەتەوە، نەلەسەر لاپەڕەی یەکەمی ناوەوەی کتێبەکە، نە نەخوازەڵڵا لە سەر بەرگەکە.. ساڵی 2009 (ئارتیکڵی 19ی هەڵمەتی جیهانی بۆ ئازادی رادەربڕین) کەلەزمانی ئینگلیزیەوە کرابوە عەرەبی، نوسخە عەرەبیەکەیم وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و، بیرمکردەوە باشترین کەس بۆم پیابچێتەوە مامۆستا (هەڤاڵ ئەبوبەکر. مانگی ئۆکتۆبەر بەسەردان لە کوردستان بووم، هاوڕێیەکم نوسخەیەکی نامیلکەکەی دامێ، هەر ساتی یەکەم کە چاوم پێیکەوت تووشی شۆک بووم. یەکەم بەبێ ئەوەی پێم بوترێ ناوم خراوەتە سەر بەرگی کتێبەکە، ئەوەی تەواو تووشی سەرسوڕمانی کردم، هەر لەسەر بەرگەکە نوسراوە: پیاچوونەوە و داڕشتنەوەی: هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئەمە کە لەژێر هیچ خانە و عورفێکی نوسین و چاپدا پۆلین نابێت. یەکەم بەبێ ئەوەی پرس بەمن بکرێت و رەزامەندی دەربڕم، دوەم: هەروەک ئەوەی بە خوێنەر بڵێت: ئەوەتا وەرگێڕانێکی (هەلەق مەلەق و هەڕەمەکی)م داڕشتەوە.. تەواو وەکوو زۆر لە ماڵەکاندا کۆمپیوتەرێک بۆ جوانی و نیشانەی ئەوەی ئەو ماڵە رۆشنبیرن دانراوە، بەبێ ئەوەی بزانن بەکاری بهێنن، هەندێ کەسیش ناویان تەنها بۆ ناو پەیداکردن، وەکوو وەرگێڕ دەخەنە سەر بەرگی دەرەوەی کتێبەکان، یان ناویان وەکوو ئەو کەسەی پیاچۆتەوە دەخەنە سەر هەمان بەرگ کە بەلای منەوە هیچ لێکدانەوەیەکی نیە جگە لەوەی بۆ ناو پەیداکردنە، بەهانەش بۆ ئەوە وادەزانن خوێندکار و خوێنەرەکان لەبەر ناوەکە دەیخوێننەوە، نەک لەبەر ناوەرۆکەکەی.. لە کاتێکدا وەزیفەی ئێمە ئەوەیە ئەو هەڵانە راست بکەینەوە، بەوەی کەوا لەخۆبوردوانە ئەو مافە بەخۆمان نەدەین ناوەکانمان وەکوو وەرگێڕ و پیاچونەوە نەخەینە سەر کتێبەکان، بۆ ئەوەی خوێنەر و خوێندکار فێر بکەین دوای بابەت و ناوەرۆک بکەوێت نەک ناو.
ئهم وتاره له ژماره 1170ی رۆژنامهی ئاسۆ رۆژی 2ی مارتی 2010 بڵاوبۆتهوه..
|